نەتەوەيەکگرتووەکان: ساڵانە تێچووی وشکەساڵی 307 مليار دۆلارە

دانیشتوانی بەرازیل بەهۆی وشکەساڵییەوە خۆراک و ئاو دەگوازنەوە. سەرچاوە: AP
دانیشتوانی بەرازیل بەهۆی وشکەساڵییەوە خۆراک و ئاو دەگوازنەوە. سەرچاوە: AP

رێکخراوی نەتەوەيەکگرتووەکان لە راپۆرتێکيدا لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی بەبيابانبوون ناسراو بە کۆپ-16 لە سعوديە رايگەياند، تێچووی وشکەساڵی لە جيهاندا ساڵانە 307 مليار دۆلارە.

راپۆرتەکە هۆشداريداوە لەوەی، ئەو چالاکييانەی لەلايەن مرۆڤەوە ئەنجامدەدرێن و دەبنە هۆی تێکدانی ژينگە تاوەکو ساڵی 2050 کاريگەریی لەسەر %75ـى دانيشتووانی جيهان دەبێت.

کۆنفرانسەکەی رياز ماوەی 12 رۆژ بەردەوامدەبێت، ئامانج لێی پاراستنی زەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیيە لەژێر رۆشنایی گۆڕانی بەردەوامی کەشوهەوادا.

نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات، گرنگی بە چارەسەرە سروشتييەکان بدرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بە بيابانبوون وەک "فراوانکردنی رووبەری دارستانەکان، رێکخستنی لەوەڕاندن و رێکخستنی رووبەرەئاوييەکان" بۆ کەمکردنەوەی تێچووی وشکەساڵی و سوودوەرگرتن لە ژینگە.

لە ساڵی 2024دا وشکەساڵی ئیکوادۆر، بەرازیل، نامبیا، مالاوی و وڵاتانی هاوسنووری دەریای ناوەڕاستی گرتەوە و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە، کەمئاویی و کەمی خۆراک، پێشبینی دەکرێت، ساڵەکە ببێتە گەرمترين ساڵ لە مێژوودا.