وەزیرانی بازرگانیی تورکیا و عێراق لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و یەکەم پرۆتۆکۆڵی ئەنجوومەنی هاوبەشی بازرگانیی- ئابوورییان واژۆکرد.
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا و ئەسیر داود غورێری، وەزیری بازرگانیی عێراق سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوبەشی بازرگانیی-ئابووریی تورکیا-عێراقیان لە ئیستانبوڵ کرد کە لە نێوان شاندی هەردوو وڵاتدا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەریەک لە بابەتەکانی بازرگانیی دوو لایەنە، وەبەرهێنان، هەماهەنگی و هاریکاریی پەیوەست بە رێگەی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکانی بواری بەڵێندەرایەتی و چەند بواری دیکە، پاش کۆبوونەوەکەش عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی و ئەسیر داود غورێری یەکەم پرۆتۆکۆڵی هاوبەشی بازرگانیی-ئابوورییان واژۆ کرد و هەریەکەیان گوتەیەکی پێشکەشکرد.
بۆڵات رایگەیاند، عێراق وەک هاوبەشێکی سروشتی و ستراتیژیی تەماشا دەکەن و ئاماژەی بەوەکرد، عێراق بۆ تورکیا دەروازەیە بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو و تورکیاش بۆ عێراق دەروازەی ئەوروپایە. گوتیشی: "تورکیا و عێراق بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنان، خزمەتگوزاری بەڵێندەرایەتی، گەشتیاری و لۆجستی یەکێکن لە گرنگترین هاوبەشەکانی یەکتر".
لای خۆیەوە وەزیری بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، قۆناغێکی نوێ لە وڵاتەکەی دەستیپێکردووە و داوایکرد کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی تورکیا لە وڵاتەکەی جێگەدەستیان دیاربێت و ئەوان لەبەرامبەردا ئامادەن هەموو هاوکارییەکیان بکەن.