ئەمیر سەعید ئەیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، پشتیوانیی دەرەکی بۆ گرووپە چەکدارەکان لە سووریا، دەبێتە هۆی گەورەبوون و درێژخایەنبوونی قەیرانی سووریا و گوتیشی، ئێران بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی حکومەتی سووریا.
ئەیرەوانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەى بەوە کرد، "ئێران بە نیگەرانیی قوڵەوە چاودێریی گۆڕانکارییەکانی سووریا دەکات".
گوتیشی، "هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر حەلەب پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی سووریایە".
باسی ئەوەشیکرد، وڵاتانی رۆژئاوا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا "تیرۆریزم" وەک چەکێک بۆ جێبەجێکردنی پلانە سیاسییەکانیان لە ناوچەکە بەکاردەهێنن.
نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، پشتیوانیی ئێران بۆ سووریا لە دژی گرووپە چەکدارەکان پشتیوانییەکی بەردەوام و جێگیرە.
گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام، کە پێشتر بە بەرەی نووسرە و باڵی قاعیدە لە سووریا دەناسرا، لە 27ـی تشرینی دووەمدا هێرشیان کردە سەر پارێزگاى حەلەب و لەئێستاشدا هێرشەکان لە حەما بەردەوامن.