ئەلبوومە نوێیەکەی راپەری بەناوبانگی ئەمریکا و جیهان "کێندریک لامار"، بە ناونیشانی "GNX"، سەکۆ موزیکییەکانی داگیرکردووە و ژمارە یەکی لیستەکانی گرتووە.
هەروەکو چاودێرە موزیکییەکانی ئەمریکا جەختی لێدەکەنەوە؛ کەس نازانێت کێندریک لامار کەی ئەلبوومی نوێ بڵاودەکاتەوە، بەڵام کە ئەنجامی دەدات، هەمووان بەخۆیەوە وابەستە دەکات و بە خێرایی یەکەمی لیستەکان دەگرێت.
ئێستا ئەلبوومە نوێیەکەی ئەم هونەرمەندە بە ناوی جی ئێن ئێکس، کە رێکەوتی 22ی تشرینی دووەم بڵاوبووەوە، لە ئاستی 200 دیارترینەکانی بیڵبۆردی ئەمریکا پلەی یەکەمی گرتووە، بەمەش بوو بە پێنجەم ئەلبوومی ئەم هونەرمەندە کە بتوانن بگەن بەم ئاستە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەی "Luminate"، هەر لەگەڵ دەستپێکی فرۆشدا، 319 هەزار دانەی لێ فرۆشراوە، لە ئاستی ئینتەرنێتیشدا، بەنزیکەی 400 ملیۆن جار گوێی لێگیراوە، بەمەش بووە بە یەکێک لە دیارترین ئەلبوومەکانی 2024 و پاش کارەکانی تەیلەر سویفت، بیۆنسێ و سابرینا کارپێنتەر ناوی دێت.