ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی هەمیشەیی ئیسرائیل لە غەززە راگەیاند، ئەوەش دوای رۆژێک لە بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، تیایدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل لە پرۆسەی خێراکردنی بنیادنانی دامەزراوە سەربازییەکانیەتی لە کەرتی غەززە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بە پشتبەستن بە وێنەى مانگە دەستکردەکان ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، لە ناوەڕاستی کەرتی غەززەدا خێراتربوونی دروستکردنی ئەم بنکەیە بەدی کراوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سوپای ئیسرائیل پلانی هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە کەرتی غەززە بمێنێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، زیاتر لە 600 باڵەخانە لەو ناوچەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە روخێندراون.
لەبارەیەوە، ڤیندات باتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەى ناتوانێت لەبارەی ئەو زانیارییانەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە دڵنیایی بدات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە سەرەتای جەنگەکەوە دژی بوونی هێزی سەربازیی ئیسرائیل بووە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە غەززە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەگەر ئەو زانیارییانەی لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هاتووە راستبێت، ئەوا دژی ئەو بنەمایانەیە کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دیاریکردووە.
پرسی مانەوەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە یەکێکە لەو پرسانەی لەسەرەتای جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، ناکۆکیی لەنێوان ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دروستکردووە.