شوێنەوارێکی دێرینی شاری کەلار، سەرنجی جیهانی راکێشاوە و بووە بە مانشێتی هەواڵی میدیاکان.
لە ناوچەیەکی شوێنەواریی باشووری رۆژئاوای شاری کەلار، کە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شارەکە و هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک دەفری قوڕین دۆزراونەتەوە، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زاین، پێشبینی دەکرێت بەڵگە بن بۆ دامەزراندن و نەمانی یەکێک لە کۆنترین حکومەتەکان لە مێژووی شارستانییەتدا.
بە گوتەی کلاودیا گلاتز، توێژەر و شوێنەوارناس لە زانکۆی گلاسگۆ، "کنە و پشکنینەکانی ئەم شوێنەوارە، پەنجەرەیەکی نوێی تێگەیشتن سەبارەت بە پرسی حوکمڕانیی لە ناوچەکەدا بەڕووی مێژوونووسان دەکەنەوە"، ئاماژە بەوەش دەدات؛ بەڵگە نوێیەکان نیشانی دەدەن، ناوچەکە سەرەتاییترین جۆری حوکمڕانیی بەخۆوە بینیوە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا.
بە گوتەی گلاتز، "بەڵگەکان بەرەوپێشچوونی نەریت و کولتوور نیشاندەدەن لە ناوچەکەدا"، ناوچەکە کاریگەر بوون بە نەریتەکانی شاری ئوروکی سۆمەرییەکان لەوپەڕی باشووری میزۆپۆتامیاوە.
ئەو دەفرە قوڕینانەی دۆزراونەتەوە، لە چوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کارکردن و کرێکاریی بەکارهێنراون، ئەمەش بەڵگەیە بۆ بوونی دەسەڵات و حکومەتێکی ناوەندیی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی ناوچەکە، کە هۆکار بووە بۆ بەرەوپێشچوونی سیستمی دوڵەتە شارەکانی میزۆپۆتامیا.
دەفرەکان لەلایەن کرێکارەکانەوە بەکارهێنراون بۆ خواردن و خواردنەوە، لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە بۆیان تەرخانکراوە، ئەمەش شێوازی کۆچ و حوکمڕانیی سەردەمەکە رووندەکاتەوە.
لە سایەی توێژینەوەکانی گلاتز و هاوکارەکانیدا، روون بووەتەوە، لە هەزارەی چوارەمی پێش زایندا، ناوچەکە بەبێ بوونی هیچ شوێنەوارێکی جەنگ و وێرانکاریی، چۆڵکراوە و هیچ حوکمڕانییەکی تێدا نەماوە، توێژینەوەکە پێشنیازی ئەوە دەکات؛ ئەمە دیاردەیەک بووبێت بۆ رەتکردنەوەی حکومەت و دەسەڵاتێکی خۆجێیی و ناوەندیی و بەرەو گوند و کێڵگەکانی خۆیان گەڕاونەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، گلێن شڤارتز، شوێنەوارناس لە زانکۆی جۆنس هۆپکینس، جەخت لەوە دەکاتەوە: کنە و پشکنینەکانی ناوچەکە سنووردار و لاوازن، ئەمەش وای کردووە ئاماژە و شوێنەواری بەرجەستە و راستەقینە سەبارەت بە چینایەتی و سیستمی حوکمڕانیی ناوچەکە بەتەواوەتی پشتڕاست نەکرێتەوە.