هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داواى کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغداد دەکات

کۆبوونەوەیەکى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەستپێشخەرییەک بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی دۆخی سووریاوە لە بەغداد رادەگەیەنێت.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەى خولیی ئەنجامدا و لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، دەستپێشخەرییەکی عێراقی رادەگەیەنن بۆ بانگێشتکردنی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی پەیوەست بە قەیرانی سووریا، تاوەکو کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغداد ئەنجامبدەن و تاوتوێی دۆخی سووریا بکەن.

کۆبوونەوەکەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەئامادەیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە و "تاوتوێی ئاسایشی سووریا و رەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق" کراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو هەوڵێکی حکومی و دیپلۆماسیی دەربڕیوە کە لەسەرەتای قەیرانەکەوە بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی سووریا ئەنجامدراوە، جگەلە "بوونی بەغداد بە سەکۆیەک بۆ گفتوکۆکان" لەو بارەیەوە.

بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەشڵێت، ئامادەکارییەکان بەگوێرەی پێویستە بۆ دروستنەبوونی هەر مەترسییەک لەسەر عێراق و جەختیانکردووەتەوە لە گرنگی یەکخستنی گوتاری نیشتمانیی و زیادکردنی هەوڵەکان بۆ کرانەوە بەڕووی سەرجەم وڵاتە پەیوەستەکان بە قەیرانی سووریا و گرتنەبەری هەنگاوی پارێزگاریی لە خاکی سووریا و عێراق، ئەوەش لەرێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەو دوو وڵاتە.