چاوەڕواندەکرا ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى ئاسایی هەفتانەى خۆى ئەنجامبدات، بەڵام ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەکە ناکرێت و سەرچاوەیەکیش لە ئەنجوومەنەکەوە دەڵێت: کۆبوونەوەى هەفتەى داهاتووش ئەگەرێکى لاوازە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، ئەم هەفتەیە هیچ تەوەرێکیان نییە لەسەری کۆببنەوە، چونکە هەفتەی رابردوو پرسە پێویست و گرنگەکان باسکراون.
دەشڵێت، کۆبوونەوەى ئەمڕۆ بۆیە نەکراوە، چونکە هەرچییەک بگوترێت، دووبارەیە.
بەگوێرەى ئەو سەرچاوەیە، کۆبوونەوەى هەفتەى داهاتووش ئەگەرێکى لاوازە، ئەوەش بەهۆى ناکۆکییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەسەر هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەشێک لە هاونیشتمانییان و مووچەخۆران لەچاوەڕوانى ئەوەدابوون، ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیران بڕیار لەسەر دابەشکردنى مووچەى مانگى 10ـى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بدات.
1ـى کانوونى یەکەم، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 761 ملیار دیناری خستەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەنییە ئەو 761 ملیار دینارەی بەغداد وەربگرێت، کە بۆ مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان نێردراوە.