بۆ خانمان: تەنیا چوار خولەک وەرزش بەڕێژەی 50% مەترسیی جەڵتەی دڵ کەمدەکاتەوە

نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانن لە جیهاندا و بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 30%ـی هەموو حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەم نەخۆشییانەوە روودەدەن.

مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ دەکرێت لەڕێگەی چەند هەنگاوێکەوە بەشێوەیەکی کاریگەر کەمبکرێتەوە، لەوانەش: دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان، خۆراکی تەندروست و وەرزشکردن.

ئێستا توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، ئەگەر خانمان بتوانن تەنیا چوار خولەک وەرزش بخەنە رۆتینی رۆژانەیانەوە، بۆ نموونە ئەگەر لەجیاتی ئاسانسۆر قادرمە بەکاربهێنن، مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ بەڕێژەی 50% کەمدەکاتەوە.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی پزیشکانی پێکانە وەرزشییەکان لە بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا داتای زیاتر لە 81 هەزار کەس وەرگیراوە کە جووڵە و چالاکییەکانی رۆژانەی خۆیان تۆمارکردووە، ئەو خانمانەی رۆژانە چوار خولەک وەرزشی توندیان دەکرد بەڕێژەی 45% مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و سستبوونی دڵ کەمتر بوو.

ئەم کاریگەرییانە لە پیاواندا کەمتر بووە و ئەو پیاوانەی رۆژانە پێنج خولەک جووڵەی توندیان دەکرد، تەنیا بەڕێژەی 16% مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن کەمتر بووە.

پسپۆڕان دەڵێن توێژینەوەکە دەرخەری ئەو راستییەیە کە تەنیا چەند خولەکێکی کەم لە جووڵە و وەرزش مەترسیی چەند نەخۆشییەکی مەترسیدار و کوشندە کەمدەکاتەوە. سەرەڕای ئەمە گرنگە گوێ لە رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ وەرزشکردن بگیرێت کە دەڵێت دەبێت رۆژانە 150 خولەک وەرزشی مامناوەند بکرێت.