ئارسیناڵ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی مان یونایتد دەکات

درەنگانێکی ئەمشەو رکابەریی دوو جەمسەری سوور دەستپێدەکات، کاتژمێر 11:15 بەکاتی هەرێمی کوردستان ئارسیناڵ لە یاریگەی ئیماراتس میوانداریی مانچێستەر یونایتد دەکات.

ئارسیناڵی خاوەن یاریگە و باڵادەست لە یاریگەی خۆیدا، دەیەوێت ئەمساڵیش هەر یەکێک بێت لە رکابەرەکان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی پرێمەرلیگ، کە لە دوای وەرزی 2003-2004ـەوە بەدەستی نەهێناوەتەوە.

گەنەرز ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش لە ترۆپکی تواناکانیاندان و هەلی ئەوەیان لەبەردەمە بگەڕێنەوە سەردەمی شکۆمەندی کە خۆی 13 جار ناسناوەکەیان بردووەتەوە، بەڵام هێشتا زووە ئەو بڕیارە بدەین، بەتایبەت کە سەرەتای وەرزە و چەندین یانەی بەهێزی دیکەش لەسەر رێگەکە وەستاون، لە نمونەی لیڤەرپووڵ و مان سیتی.

رکابەریی ئارسیناڵ لە نێو یاریگەی خۆی هەرگیز ئاسان نییە، بەتایبەت کە 16 یارییە یانە نەبووە شکستی پیبهێنێت، یانەکەش وردە وردەش یاریزانەکانی لە پێکان دەگەرێنەوە، بەڵام  بۆ ئەم یارییەی بەرامبەر مان یونایتد، هەریەکە لە تۆماسیۆ و بێن وایت بەشداریی ناکەن و گومان لە بەشدارییکردنی گابرێل و مێرینۆش هەیە.

ئەگەر باسی مانچێستەر یونایتدیش بکەین، یانەکە رۆژ دوای رۆژ دەیسەلمێنێت کە حاڵیان لە دوای رۆیشتنی تین هاگ باشترە، ئەوە حەوت یارییە لەگەڵ نێستەلرۆی و ئامۆرێم تامی شکستی نەکردووە و لەو حەوت یارییە توانیویانە 19 گۆڵ تۆماربکەن و تۆڵەی شکست و ئاستە خراپەکەی سەرەتای وەرزییان کردەوە.

شەیتانە سوورەکان هێشتا دەبێت حەزەری خۆیان بکەن، چونکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بارودۆخیان باش نەبووە، شەش یارییە هیچ بردنەوەیەکیان بەدەستنەهێناوە، بۆیە ئەمشەو چاوەڕێی رکابەرییەکی بەهێز دەکرێت.

لە مێژووشدا هەردوو جەمسەرەکە 70 جار رووبەڕووبونەتەوە، شەیتانە سورەکان بە 31 بردنەوە و گەنەرزی بە 23 بردنەوە باڵادەستن، 16 یەکسانبوونیش روویداوە.