رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، دیارترین کتێبە وێنەییەکانی ساڵی هەڵبژارد کە دەتوانن سەرنجی کۆی خوێنەرە جیاوازەکان رابکێشن.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی گاردیان، کەسانی پێگەیشتوو، هاوشێوەی منداڵان، حەز و خولیایەکی زۆریان بۆ کتێبە وێنەییەکان هەیە و خواستیان لەسەری زیادی کردووە، ئەمەش هۆکارێکە، بۆ دیاریکردنی ژمارەیەک لە دیارترین ئەو کتێبە وێنەییانەی لەمساڵدا و بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراونەتەوە و باشترین دیارین تاوەکو بە کەسێکیان ببەخشیت:
A Leaf Called Greaf
لە نووسینی: Kelly Canby
ئەم کتێبە، سەبارەت بە ورچێکی تەنها و تاقانەیە، کە گەڵایەکی سەوز دەدۆزێتەوە و هاوڕێیەتیی دەکات، لە سایەی ئەم دۆزینەوەیەدا، ئومێد و دڵنەوایی بۆ دەگەڕێتەوە.
لە ئاستی ناوەڕۆکدا، خاوەنی چیرۆکێکی نەرم و نیانە و بە گوتەی رەخنەگران، دڵنەواییەکی گەورەیە بۆ ئەوانەی کەسە نزیکەکانیان لەدەستداوە.
The Arrival
لە نووسینی: Shaun Tan
ئەم کتێبەی تان، براوەی خەڵاتە و یەکێکە لە دیارترین ئەو بەرهەمانەی هیچ دەق و نووسراوێک لەخۆناگرن.
ناوەڕۆکی کتێبەکە، سەبارەت بە پرسی کۆچبەرانە، بەدیاریکراوییش ئەزموونیان لەگەڵ ژینگەی نوێ و مامەڵەکردنیان بە زمانێکی نەزانراو و کولتووری جیاواز.
Your Birthday Was the Best!
لە نووسینی: Maggie Hutchings و Felicita Sala
رەخنەگران ئەم کتێبە بە بەرهەمێکی دڵخۆشکەر و چێژبەخش وەسف دەکەن، لەکاتێکدا بۆ خوێنەرانی منداڵ زۆر گونجاوە، جەخت لەوەش دەکەنەوە: خوێنەرە پێگەیشتووەکان چێژێکی زۆری لێدەبینن.
ناوەڕۆکی کتێبەکە، لە گۆشەنیگای مێروویەکی قالۆنچەوە دەگێڕدرێتەوە، بێئاگایە لەوەی بانگهێشتی ئاهەنگێکی تایبەت نەکراوە و رووداوەکانی لەگەڵ میواندارییەکەدا خەندە و پێکەنین دەخەنە سەر لێوی خوێنەر.
Afloat
لە نووسینی: Kirli Saunders و Freya Blackwood
ناوەڕۆکی ئەم کتێبە، سەبارەت بە دروستکردنی ئومێد و خۆشەویستییە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەدا، پرسی نەتەوە و کۆمەڵ و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، سەنگی ئەم کتێبەیان پێکهێناوە.
کتێبەکە لە ئاستێکی بەرزی پەروەردەییدایە و ئەزموونی باپیران و نەوەکانیان رووندەکاتەوە لە پرسی فێربوون و بەخشینی زانیاریی بەمەبەستی ژیانکردنێکی باشتر.