رێگەکانی کێشدابەزاندن زۆرن، هەندێکیان زانستین و هەندێکیان نازانستی. لەناو رێگە زانستییەکاندا نەشتەرگەرییەکانی قەڵەوی، دانانی باڵۆن، رێجیم و دەرزیی قەڵەوی هەن.
رێگەی دانانی باڵۆن بەجۆرێکە کە باڵۆنێک دەخرێتە ناو گەدەی کەسەکەوە، ئەمەش وادەکات بەردەوام هەست بە تێربوون بکات و خواردنی کەمی پێبخورێت. ئەم باڵۆنە بەبەردەوامی بە یەک شێواز دەمێنێتەوە.
کێشەی ئەم باڵۆنانە ئەوەیە کە دوای ماوەیەک گەدە پێیان رادێت، واتە دوای ئەوەی باڵۆنەکە بۆ ماوەیەک لە شوێنی خۆی مایەوە گەدە چیتر هەست بە برسێتی ناکات.
ئێستا توێژەران جۆرێکی دیکە لە باڵۆنیان پەرەپێداوە کە چارەخوازەکە دەتوانێت بەدڵی خۆی گەورە یان بچووکی بکاتەوە و خۆی دیاریبکات کەی هەست بە برسێتی بکات.
باڵۆنەکە لە زانکۆی MIT لە ئەمریکا پەرەیپێدراوە. بەگوێرەی توێژینەوەکە سەرەتاییەکان کە لەسەر ئاژەڵان کراون، دەرکەوتوووە دەتوانێت برسێتی بەڕێژەی %60 کەمبکاتەوە.
سوودی ئەو باڵۆنە لەوە دایە کە کەسەکە دەتوانێت پێش ژەمەکان، یان کاتێک هەست بە برسێتی دەکات، هەوا بکاتە باڵۆنەکەوە بۆئەوەی برسێتییەکەی نەمێنێت، دواتر کە برسێتییەکەی رۆیشت باڵۆنەکە بپیچێنێتەوە بۆئەوەی گەدە بە باڵۆنەکە رانەیەت.
قەڵەوی، ئێستا بە نەخۆشی دادەنرێت و خۆشی هۆکارە بۆ چەندین نەخۆشیی وەکو جەڵتە، نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە، شەکرە و بەرزەفشاری خوێن.