سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، کە خاوەنی چاتبۆتی چات جی پی تییە، متمانەی خۆی بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دەربڕی گوتی: ترەمپ پاڵپشتی گەشەی کەرتی ژیریی دەستکرد دەکات، بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە سەرکردایەتیکردنی ئەم بوارە.
سام ئەڵتمان، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز، تیشکی خستە سەر گرنگی بنیاتنانی ژێرخانی بەهێز لە بواری ژیریی دەستکردا، تاوەکو ئەمریکا لە پێشەنگی پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆجیایەدا بمێنێتەوە، ئەڵتمان بۆچونی وایە، ترەمپ کاریگەری لەسەر دابینکردنی سەرچاوەی پێویست بۆ ئەم گەشەکردنە دەبێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، جەختی لەوە کردەوە ئەو ژێرخانە گرنگانەی ژیریی دەستکرد پێویستیەتی بریتییە لە: ناوەندی داتای گەورە، دەستڕاگەیشتن بە چیپی پێشکەوتووی کۆمپیوتەر و کارەبای زۆر و بەردەوام.
سەبارەت بە کێبڕکێی ئەمریکا لەگەڵ چین لە ژیریی دەستکردا، ئەڵتمان ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان، پێویستە سەرکردایەتی ئەم کارە بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنگرێسی ئەمریکا پێویستی بە دەرکردنی یاسایەک هەیە، کە رێوشوێنی پارێزراو بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە دابینبکات.