کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، خاوەنی چات جی پی تی، رۆژی چوارشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2024، رایگەیاند لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بە بواری سەربازی ئەمریکی، رێککەوتنی ئەنجامداوە بۆ بەکارهێنانی ژیرییە دەستکردەکەی.
ئۆپن ئەی ئای کە ئەرکی سەرەکی خۆی بە رزگارکردنی جیهان ناودەبات، بۆ یەکەمجارە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای ئەندریلی تایبەت بە تەکنەلۆجیای بەرگری ئەمریکی ئەنجامبدات، بەگوێرەی رێککەوتنەکە ئۆپن ئەی ئای سۆفتوێرەکەی تێکەڵ بە سیستمی خستنەخوارەوەی درۆنی کۆمپانیاکە دەکات.
پێشتر ئۆپن ئەی ئای بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکەی بۆ مەبەستی سەربازی و جەنگی قەدەغەکردبوو، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەڵوێستەکەی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و قەدەغەکردنەکەی لابرد.
سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپن ئەی ئای، لەبارەی رێککەوتنەکەوە رایگەیاند:"ئۆپن ئەی ئای، ژیریی دەستکرد دروستدەکات، تاوەکو زۆرترین کەس لێی سوودمەندبن، هەروەها پشتگیری لە هەوڵەکانی ئەمریکا دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی تەکنەلۆجیاکە بەها دیموکراسیەکان دەپارێزێت".
هەروەها وتیشی:"هاوبەشیمان لەگەڵ ئەندریل، یارمەتیدەردەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی تەکنەلۆجیای ئۆپن ئەی ئای، سەربازانی ئەمریکا دەپارێزێت، یارمەتی کۆمەڵگەی ئاسایشی نیشتمانی دەدات لەم تەکنەلۆجیایە تێبگات و بەرپرسیارانە بەکاریبهێنێت، تاوەکو هاوڵاتیانمان سەلامەت و ئازاد بمێننەوە".