لە هەفتەى یەکەمى مانگى کانوونى یەکەم نرخى نەوت دابەزینى تۆمارکرد

سەرەڕاى بەردەوامى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانی نەوتى ئۆپیک پڵەس، نرخی نەوتى خاو پێش داخستنى بازاڕى ئاسیا دابەزینى تۆمار کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـى کانوونى یەکەم، یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 71 دۆلار و 12سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەرێژەى لە 1.35% بەراورد بە دوێنێ دابەزینى تۆمار کرد.
هەروەها یەک بەرمیل نەوتى خاوى تەکساس بە 67 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەرێژەى لە 1.61% دابەزینى تۆمار کرد.
ئەمە لەکاتێکدایە، وڵاتانى ئۆپیک پڵەس بڕیاریاندا تاوەکو چارەکى یەکەمى 2025 بەردەوام بن لەکەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلى رۆژانە.
رۆژی هەینی، کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس ئەوەى خستەڕوو، سیاسەتەکانی ئیدارەی داهاتووى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سەبارەت بە بازاڕى نەوت لە جیهان روون نییە، هەروەها پێشبینییەکانی بۆ تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ساڵی داهاتوودا بە 76 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خستووەتەڕوو.
هاوکات، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە نەوت بە رێژەیەکی کەمتر مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەهۆى پێشهاتە جیۆپۆلیتیکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان لە ئەمریکاوە و کەمبوونەوەی خواستی چینییەکان.