///

تەندروستیی ئێران: لە تاریکیدا دابنیشین باشترە تاوەکو لە سەرچاوەی پیسەوە کارەبا بەرهەمبهێنین

د. عەلیڕەزا رەئیسی، بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران

کەناڵ8- سلێمانی

بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران ناڕازییە لە دۆخی هەوای وڵات و دەڵێت داخستنی کاتیی فەرمانگەکان چارەسەر نییە و دەبێت بۆ پاکڕاگرتنی هەوای وڵات هەنگاوی کاراتر بنرێ و پشت بە وزەی ناخاوێن ببەسترێت.

د. عەلیڕەزا رەئیسی، بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا کە دووشەممە نۆی دیسەمبەر ئەنجامیداوە و ئاژانسی ئیسنای ئێرانی ئاماژەیپێکردووە گوتوویەتی "داخستنی کاتیی قوتابخانەکان و بڕیاری دەوامکردنی نیوەی کارمەندان لە رۆژانی هەوای پیسدا رێوشوێنی بێئاگایانە و کاتین و رۆڵیان نییە لە بەگژداچوونەوەی پیسبوونی هەوادا و دەریدەخەن بیر لە خودی گرفتی پیسیی هەوا نەکراوەتەوە".

بەرپرسە ئێرانییەکە دەڵێت 60٪ی هۆکاری پیسبوونی وڵات بەهۆی سیستمی ماتۆڕی وڵاتە بە ماتۆڕی پیشەسازی و و بەرهەمهێنانی کارەبا و هۆکاری گواستنەوەوە. ئەو دەڵێت نابێت بە رێگایەک کارەبا دروستبکرێت کە تووشی نەخۆشیمان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش پێزانینی بۆ بۆچوونی سەرۆک کۆمار هەیە کە گوتویەتی دەبێت بەرهەمهێنانی کارەبا لە سووتەمنی وەکو نەوت و گازەوە رابگیرێت.

رەئیسی گوتووشیەتی کە راستە دەبینکردنی ئاو، کارەبا و هۆکارەکانی خۆشگوزەرانی لە ئەرکەکانی دەوڵەتن بەرامبەر هاووڵاتییانی، بەڵام "لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ بڕینی کارەبادا نیم، بەڵام وایدەبینم لە تاریکیدا دابینیشین نەوەک بە سووتەمەنیی نەوت و گاز کارەبا بەرهەمبهێنین، بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر حسابی زیانگەیاندن بە تەندروستیی خەڵک هیچکات جێگەی قبوڵکردن نییە".

بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران وتوویەتی سووتاندنی نەوت و گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێتەهۆی بەرەڵڵابوونی چەندین تەنۆلکەی پیسکەر بۆناو هەوا، بەتایبەت کاربۆنی رەش و دوانۆکسیدی گۆگرد کە بەهۆی هەڵمژینیان مرۆڤ تووشی چەندین نەخۆشی دەبێت بە شێرپەنجەشەوە.

جگە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی، رەئیسی داوایکردووە گواتنەوەی گشتی لەناو شارەکان و لەنێوان ناوچەکانی ئێرانی زیاتر فراوانبکرێت و کەمتر پشت بە ئۆتۆمۆبێلی تایبەت ببەسترێت.

بەرپرسە ئێرانییەکە دەڵێت ماتۆڕسکیلی کۆن یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی پیسبوونی هەوای ئێران و داوایکردووە سەرنجبخرێتە سەر ئەم بابەتەش، چونکە وەکو ئەوە وتوویەتی کۆنبوون و پەککەوتنی ماتۆڕسکیل وادەکات سووتەمەنی زیاتر بسووتێنن و زیاتر ژینگە پیسبکەن. بەپێی ئامارەکان کە بەرپرسەکە ئاماژەیپێکردوون، لەکۆی 12 ملیۆن ماتۆڕسکیلی ئێران، 11 ملیۆنیان کۆنن و تەنیا شەش هەزار ماتۆڕسکیل پشکنین و چاودێریی تەکنیکییان بۆ دەکرێت.

هەروەها ئاماژەشی بە زیادبوونی خۆڵبارین و بڕی زۆری تۆز و خۆڵ لە هەوای شارەکان کردووە کە هۆکارێکی دیکەی پیسبوونی هەوایە و لە هەندێک ناوچەی ئێران گرفتێکی سەرەکییە، وەکو ناوجەی سیستان و بەلوچستان.

پیسبوونی هەوا گرفتێکی سەرەکییە لە ئێران بە گشتی و شاری تاران بە تایبەتی، کە لە ریزبەندی پیسترین هەوای شارەکانی جیهاندایە.