نرخی نەوت لەگەڵ دەستپێکی کردنەوەی بازاڕەکاندا و پاش گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کەوتنی بەشار ئەسەد لە سووریا دەستی بە بەرزبوونەوە کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت لە مامەڵەکاندا بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 25 سەنت و بەرێژەی 0.3% بەرزبووەوە و گەیشتە 71 دۆلار و 50 سەنت، نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساس بە رێژەی 30 سەنت کە دەکاتە 0.3% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 67 دۆلار و 58 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.
هەرچەندە هەفتەی رابردوو نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە 2.5% دابەزیبوو، هاوکات نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسی ئەمریکاش بەرێژەی 1.2% دابەزی بوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی شرۆڤەکاران پێشبینییان کردبوو لە ساڵی داهاتوودا بەهۆی کەمیی خواستەوەیە لەسەر نەوت، سەرەڕای بڕیاری گروپی ئۆپێک پڵەس بۆ دواخستنی زیادکردنی بەرهەمهێنان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بەڵام دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییەکان سەبارەت بە فراوانبوونی جەنگ و پەلکێشانی بۆ وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنی نەوت، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.