دروستکەرانی ناوەرۆکی تیکتۆک لە ئەمریکا، هۆشداری دەدەنە فۆڵۆوەرسەکانیان لە پلاتفۆڕمەکانی دیکەی وەک ئینستاگرام و یوتیوب فۆڵۆویان بکەن، ئەمەش دوای بریارێکی دادگای فیدراڵی ئەمریکا لە ئەگەری قەدەغەکردنی تیکتۆک لە وڵاتەکە.
ئینفلوێنسەرەکانی تیکتۆک لە ئەمریکا، کە بەشێکی زۆریان وەک سەرچاوەی دەستکەوتنی داهات و شوێنێک بۆ ریکلامی بزنسەکانیان بەکاریدەهێنن، لە ئەگەری مەترسی قەدەغەکردنی تیکتۆک، داوا لە فۆڵۆوەرسەکانیان دەکەن لە پلاتفۆڕمەکانی دیکە فۆڵۆویان بکەن. ئەمەش دوای بریاری دادگای فیدراڵی دێت کە تاوەکو 19ی کانونی دووەمی 2025، پێویستە کۆمپانیای بایدانسی خاوەنی تیکتۆک، پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێتە کۆمپانیایەکەی ئەمریکی ئەگەرنا لە وڵاتەکە قەدەغە دەکرێت.
تیکتۆک 170 ملیۆن بەکارهێنەری لە ئەمریکا هەیە و بووەتە پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵی بەهێز، بەتایبەتی لەنێو گەنجدا بەناوبانگە هەروەها ئینفلوێنسەر و بزنسە بچووکەکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.
زۆرێک لە دروستکەرانی ناوەرۆک نیگەرانن لە لەدەستدانی بینەران و فۆڵۆوەرسەکانیان و پەیداکردنی داهاتەکانیان لە ئەپەکەوە. هەربۆیە هەندێکیان لە ئێستاوە فۆڵۆوەرەکانیان ئاگادارکردوەتەوە کە لە پلاتفرۆرمەکانی دیکەی سۆشیاڵمیدیا فۆلۆویان بکەن، بەڵام بەشێکی دیکەیان هێشتا هیوادارن تیکتۆک لە لە وڵاتەکە قەدەغەنەکرێت.
تیکتۆک، لەلایەن کۆمپانیای بایتدانسی چینییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، لە ساڵی 2016ەوە چالاکە و مانگانە 1.5 ملیار کەس سەردانی تۆڕەکە دەکەن، تاوەکو ئێستا چەندینجار رووبەڕووی دادگا کراوەتەوە، بەهۆکاری نەپاراستنی تایبەتمەندیی بەکارهێنەرانی و کاریگەریی نەرێنی لەسەر مێشکی منداڵان.