تاوەکو دێت وادەی قەدەغەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا نزیکتردەبێتەوە، کۆمپانیای بایتدانسی خاوەنیشی هەوڵەکانی بۆ پێچەوانەکردنەوەی بڕیاری قەدەغەکردنەکە چڕکردووەتەوە.
تیکتۆک هیواداربوو دادگایەکی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵیی ئەمریکا، رازی ببێت قەدەغەکردنەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و هاوڕابێت لەوەی یاساکە نادەستوورییە و کاریگەریی لەسەر 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکی دەبێت.
بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی تیکتۆکەوە، دادگاکە پشتگیریی یاسای قەدەغەکردنی تیکتۆکی کرد و رایگەیاند:"ئەنجامی هەوڵی دوو لایەنەی کۆنگرێس و سەرۆکاکانە".
ئێستا تیکتۆک بەدوای بژاردەی دیکەدا دەگەڕێت و دەڵێت شەڕەکەی دەباتە دادگای باڵای ئەمریکا، بەو هیوایەی لەوێ چارەسەرێکی دیکە بۆ کێشەکانی لەگەڵ ئەمریکادا بدۆزێتەوە.
تیکتۆک رایگەیاندووە:"دادگای باڵا، تۆمارێکی مێژوویی هەیە لە پاراستنی مافی ئازادیی رادەربڕینی ئەمریکییەکان و پێشبینیدەکەن لەبارەی ئەم پرسە گرنگە دەستورییەوە هەمان کار بکەن".
تیکتۆک ئاماژەی بەوەشکردووە، یاساکە لەسەر بنەمای "زانیاریی نادروست و کەموکوڕی و گریمانەیی" دامەزراوە و قەدەغەکردنی هاوڵاتییانی ئەمریکی سانسۆر دەکات.
ئێستا تیکتۆک لەپاڵ دادگای باڵای ئەمریکادا، چاوی لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکەیە هاوکاریی بکات.
سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکرێت ئەپڵیکەیشنەکە رزگار بکات، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ لە ئیدارەی پێشوویدا هەوڵیدا تیکتۆک قەدەغە بکات، بەڵام لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم جارەدا رایگەیاند، رێگە نادات یاسای قەدەغەکردنی تیکتۆک جێبەجێبکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرۆکی هەڵبژێردراو لە 20ی کانوونی دووەمی 2025 بە فەرمیی دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا و یاسای قەدەغەکردنەکە رۆژێک پێش ئەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یاسای قەدەغەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا، بایتدانسی خاوەنی پلاتفۆرمەکە ناچار دەکات ئەپڵیکەیشنەکە بفرۆشێت بە کۆمپانیایەکی دیکە، تاوەکو 19ی کانوونی دووەمی 2025 کاتی هەیە، بەپێچەوانەوە لە ئەمریکا بە تەواوی قەدەغەدەکرێت.