ئەپڵ: 500 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکەین

کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، پلانی هەیە لە ماوەی چوار ساڵدا بە بڕی 500 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکادا بکات و زیاتر لە 20 هەزار هەلى کار لە ویلایەتی تەکساس بخاتەگەڕ.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەپڵ، وەبەرهێنانەکە لە بواری ژیریی دەستکرد و توێژینەوەی زانستیی تەکنەلۆجیدایە، ئەم هەنگاوە پاش ئەوەدێت، بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، هەفتەی رابردوو تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ، چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەوتووە.
ئەوەش لەکاتێكدایە ترەمپ شەڕی بازرگانیی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتان دەستپێکردووە، بەتایبەت چین، کۆمپانیای ئەپڵیش یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی بە زیادکردنی باج بەرێژەی 10% لەسەر هاوردەی چین زیانی بەردەکەوێت، چونکە بەشێکی زۆری کەرەستەکانی لە بەرهەمهێنانی ئایفۆن و بەرهەمەکانی لە چینەوە هاوردە دەکات.
کۆمپانیاکە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لێخۆشبوونێکی رێژەیی بەدەستهێنابوو لەسەر ئەو کەرەستانەی لە چینەوە هاوردەیان دەکات، بەگوێرەى میدیاى ئەمریکى، پێدەچێت چاوپێکەوتنی ئەمجارەشیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، لەپێناو هەمان دەستکەوت بووبێت.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تروس سۆشیاڵ لەپاش راگەیەندراوەکەی ئەپڵ رایگەیاند: "ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکە گوزارشت لە متمانەیان دەکات، بەم ئیدارە نوێیەی ئەمریکا".
پێشتریش لەساڵی 2018 و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، کۆمپانیای ئەپڵ وەبەرهێنانێکی بە بڕی 350 ملیار دۆلار راگەیاند بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەگوتەى خۆیان بەشدارییان لە گەشەسەندنی ئابووری ئەمریکادا کردووە.
25/02/2025