راوێژکارێکی سودانی: 11 کیلۆمەتری رێگەی گەشەپێدان بە دهۆکدا تێدەپەڕێت

كاركردن لە رێگەی گەشەپێدان
كاركردن لە رێگەی گەشەپێدان

ناسر ئەسەدی، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە رایگەیاند، رێگەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و 11 کیلۆمەتری پرۆژەکە دەکەوێتە سنوورى پارێزگای دهۆکەوە.

ناسر ئەسەدی، بە میدیاى فەرمیى عێراقى راگەیاند، لەسەر پرۆژەکە و تێپەڕینی بە دهۆکدا، لەنێوان بەرپرسانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکی زۆر هەیە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، رێگەی گەشەپێدان لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئەوەی ماوە تایبەتمەندیی هونەری و دیزاینى کۆتایی پرۆژەکەیە.

ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمیانی کۆتا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رێگای گەشەپێدان، گفتوگۆی پلانی ستراتیجی ئەمنی بۆ پاراستنی رێگاکە کراوە و ستراتیجی دیپلپۆماسی بۆ بازاڕکردنی پرۆژەکە دەکرێت، جگەلە هەماهەنگی و کاری سەرجەم وەزارەتەکانی دیکە بۆ ئەو پرۆژەیە.

لە مانگی ئایاری 2023، بە بەشداری وەزیرانی گواستنەوەی وڵاتانی سعودیە، توركیا، ئێران، ئوردن، سووریا، ئیمارات، كوەیت، قەتەڕ، عومان و نوێنەرانی یەكێتیی ئەوروپا و بانكی نێودەوڵەتی، كۆنگرەی رێگەی گەشەپێدان لە بەغداد بەڕێوەچوو.

پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، رێگەی وشکانیی پرۆژەکە هەزار و 190 کیلۆمەترە و لە ساڵی 2024 دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ساڵی 2028 تەواو ببێت.

 بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەكانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رێگەی گەشەپێدان تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، لە پارێزگای بەسرەوە دەستپێدەكات بە 10 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت و دەگاتە توركیا، داهاتی ساڵانەشی دەگاتە چوار ملیار دۆلار و 100 هەزار هەلیكار دەڕەخسێنێت.