ئەم وەرزە بۆ کاماڤینگا کۆتاییهات

کاماڤینگا، بەرگریکاریی ریاڵ مەدرید بەهۆی پێکانەوە، چوار مانگ دادەبڕێت و لە 13 یاریی داهاتوو ریاڵ بەشداریی ناکات
ئەم وەرزە بۆ کاماڤینگا کۆتاییهات، بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، بەتایبەت مارکا و ئەی ئێس، تەنانەت لە جامی جیهانیی یانەکانیش ناتوانێت بەشداریی بکات.
کاماڤینگا لە یاریی نێوان ریاڵ مەدرید و خیتافی تووشی پێکان بوو و بەوهۆیەوە یاریگای بەجێهێشت، هاوکات لەم وەرزە ئەمە چوارەمجار تووشی پێکان بووە.
سەرەتا پێش یاریی جامی سوپەری ئەوروپی تووشی پێکان بوو، بەهۆیەوە بۆ ماوەی حەوت هەفتە لە یاریگاکان دابڕا، ئەوکاتە لە 10 یاریی ریاڵ مەدرید بەشداری نەکرد.
بۆ جاری دووەم لە یارییەکەی لیڤەرپووڵ تووشی پێکان بوو، بۆ ماوەی دوو هەفتە و نیو لە یاریگاکان دابڕا، ئەمجارە بۆ چوار یاری ریاڵ بێبەش بوو.
پێکانی سێیەمیش لەدوای فایناڵی جامی سوپەری ئیسپانی و لە یارییەکەی سێڵتاڤیگۆ روویدا، کەسێ هەفتە و نیو لە یاریکردن بێبەش بوو، شەش یاری دیکەی ریاڵی لەدەستدا.
جاری چوارەم بەرامبەر خیتافی بوو، ئەمجارە پێشبینی دەکرێت، لە نێوان 10 بۆ 13 یاریی یانەکەی بێبەش بێت.
واتە ئەگەر ریاڵ مەدرید ئەم وەرزە 65 یاریی ئەنجامبدات، لانیکەم کاماڤینگا لەم وەرزەدا لە 29 یاریی بەهۆی پێکانەوە بەشداری نەکردووە، واتە لە 45٪ی یارییەکانی ریاڵ بێبەش بووە بەهۆی پێکانەوە
26ـی ئەم مانگە، ریاڵ مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بەرشلۆنە یاریی دەکات و یەکێکیان جامەکە یەکلاییدەکەنەوە، هاوکات سێیەم کلاسیکۆیە لە نیوان دوو زەبەلاحەکەی ئیسپانیا.
کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەریش توانای کاماڤینگا بۆ کلاسیکۆ لەدەستدەدات.

24/04/2025