ئەم وەرزە بۆ هاندەرانی نەورۆز و زاخۆ کۆتاییهات

بەهۆی رووداوەکانی یاریگای نەورۆز لەنێوان هاندەرانی نەورۆز و زاخۆ، لیژنەی سزادان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بڕیاریداوە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە، هاندەرانی هەردوو یانە ناتوانن بچنەوە یاریگا، هەردوو یانەش بە بڕی 25 ملیۆن دیناری عێراقی سزا دراون، هاوکات یارییەکەش لە خولەکی 82 وە دەبێت تەواو بکرێت
هاوكات بە پێی بڕیاری لیژنەكه لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سەرجەم بریندارانی یاریگای نەورۆز کە لە یارییەکەی نەورۆز و زاخۆ دووچار بوون دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبوی مادی.
هەفتەی رابردوو لەكاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان یانەی نەورۆز و زاخۆ لەیاریگای نەورۆز لەشاری سلێمانی گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردولا دروست بوو و بەو هۆیەوە 62 هاوڵاتی برینداربوون.
لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا چارەسەری پێویست بۆ 25 بریندار كرا لەشوێنی رووداوەکە لەیاریگای نەورۆز و 27 بریندار بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و 10 برینداریش لەلایەن كەسوكاریان هێنران بۆ نەخۆشخانە.
چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم بریندارەكان كرا و نەشتەرگەری بۆ بریندارێكیش ئەنجامدرا.
29/04/2025