ترەمپ: وادەی مانەوەی تیکتۆک لە ئەمریکا درێژدەکەمەوە

سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا ئامادەیی دەربڕی بۆ درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی تیکتۆک لە ئەمریکا، ئەگەر تاوەکو 19ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، هیچ رێککەوتنێک بۆ کڕینی پلاتفۆرمەکە لەو وڵاتە ئەنجام نەدرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز، لەبارەی رێککەوتنی تیکتۆکەوە رایگەیاند:"پێم خۆشە و حەز دەکەم بیبینم کە ئەنجام بدرێت".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی تیکتۆک یارمەتیداوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024 کە دەنگدەرانی گەنج بەدەستبهێنێت، "جێگەیەکی تایبەتی" هەیە و "پارێزراو دەبێت".
تاوەکو ئێستا ترەمپ دووجار وادەی مانەوەی تیکتۆکی لە ئەمریکا درێژکردووەتەوە، لە 19ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بڕیاری قەدەغەکردنی تیکتۆک چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تەنیا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر تیکتۆک قەدەغەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی ترەمپ وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا، بڕیارەکەی پێچەوانە کردەوە و وادەیەکی نوێی بەخشییە پلاتفۆرمەکە، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا.
هەروەها لە پێنجی نیساندا، جارێکی دیکە ماوەی 75 رۆژی بۆ مانەوەی تیکتۆک لە ئەمریکا درێژکردەوە، بەو هیوایەی لەگەڵ کۆمپانیایەک بگەنە رێککەوتن بۆ کڕینی تیکتۆک، ئەم وادەیەش لە 19ـی حوزەیران کۆتایی پێدێت.
هەرچەندە ئەمریکا نزیک بوو لە ئەنجامدانی گرێبەستێک بۆ کڕینی تیکتۆک، بەڵام بەهۆی ئەو باجانەی ئیدارەی ترەمپ سەپاندوێتی بەسەر چیندا، چین ئاماژەی بەوەدا رێککەوتنەکە پەسەند ناکات.
05/05/2025