خۆڵبارین لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان 309 هاونیشتمانیی رەوانەی نەخۆشخانەکرد

بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکانی گرتووەتەوە، 309 هاونیشتمانی لە هەولێر، کەرکوک، سلێمانی و هەڵەبجە و چەمچەماڵ، رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
سامان سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی خۆڵبارینەوە 12 حاڵەتی تەنگەنەفەسی سەردانی بەشی فریاکەوتنییان کردووە و پاش وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و ئەوانەشی پێویستییان بە چارەسەری زیاتر هەبووە، لە نەخۆشخانە هێڵراونەتەوە.
هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەهۆی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەوە، 10 هاونیشتمانیی رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
سامان لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، ئەو 10 هاونیشتمانییە پاش وەرگرتنی چارەسەر، بەشێکیان بارى تەندروستییان باشبووە و چوونەتەوە ماڵەوە.
پەیامنێرى کەناڵ8 لە کەرکوک گوتی، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی سنووری پارێزگای کەرکوکی گرتووەتەوە 207 کەس رەوانەى نەخۆشخانە کراون.
هەروەها لە هەڵەبجە بەهۆی خۆڵبارینەوە 40 هاونیشتمانی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکە کراون.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی چەمچەماڵیش لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، رۆژی دووشەممە بەهۆی کاریگەری خۆڵبارینەوە، 40 هاونیشتمانی براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ و پاش وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
06/05/2025