خۆڵبارین و بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە 16 پارێزگای ئێران دەگرێتەوە

دیمەنی خۆلبارین و هەوای 
 شاری تاران. فۆتۆ: AP
دیمەنی خۆلبارین و هەوای شاری تاران. فۆتۆ: AP

شەپۆلی بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە 16 پارێزگای ئێران دەگرێتەوە، بەهۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەواشەوە دەوام لە چەند پارێزگایەکی وڵاتەکە رادەگیرێت.

کەشناسیی ئێران رایگەیاند، رۆژی سێشەممە شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە 16 پاریزگای وڵاتەکە لە باکووری رۆژئاوا، رۆژئاوا، باشووری وڵاتەکە گرتووەتەوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوامدەبێت.

هاوکات شەپۆلی خۆڵبارین زیاتر لە 15 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە بەو هۆیەوە ژمارەیەک دامەزراوەی حکومی، قوتابخانە سەرەتاییەکان، زانکۆکان، بانکەکانی ئەو پارێزگایانە دەوام راگیراوە.

بەگوێرەی میدیای ئێران، رۆژی سێشەممە دەوامی بەشێک لە دامەزراوەکانی پارێزگاکانی کرماشان، سنە، لۆڕستان، تاران و هەمەدان چەند پارێزگایەکی دیکە راگیراوە.

وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی پیسبوونی هەواوە، نەخۆشییەکانی دڵ، کۆئەندامی هەناسە و شێرپەنجە لەناو دانیشتووانی ئێران زیادیانکردووە.