سکایپ پاشای پەیوەندییە ڤیدیۆییەکان خانەنشین کرا

سەردەمانێک خێزانەکانی لەوپەڕی جیهانەوە بەیەکەوە دەبەستەوە و پاشای پەیوەندییە ڤیدیۆییەکان بوو، پاش 22 ساڵ لە خزمەتکردن، پلاتفۆرمی سکایپی سەر بە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، کۆتایی بە کارەکانی هێنرا.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، کۆمپانیای خاوەنی لە پۆستێک لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، سکایپ خانەنشین دەکات و پلاتفۆرمێکی دیکە دەکاتە جێگرەوەی.
سکایپ لە ساڵی 2003، لەلایەن دوو گەنجی سوید و دانیمارک دامەزرێنرا و تەنیا رێگەی بە پەیوەندی کۆمپیوتەر بۆ کۆمپیوتەر دەدا و لۆگۆکەی رەنگی مۆر بوو، دواتر لە ساڵی 2011، بە بڕی هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە کڕدرایەوە.
لە سەرەتای دەستبەکارکردنی زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر، سکایپ رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەناوبانگکردنی تەلەفونکردن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، هەروەها سکایپ تایبەتمەندییەکی دیکەشی پێشکەشی بەکارهێنەرانی دەکرد، ئەویش پەیوەندی بێ بەرامبەر بوو، ئەمەش تێچووی پەیوەندیکردنی بە بەراورد بە تەلەفۆنێکی تەقلیدی کەمترکردەوە.
سکایپ لە ساڵی 2005ـدا، تایبەتمەندی پەیوەندیی ڤیدیۆیی بەردەستخست و سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندی ناو ئینتەرنێتدا دەستیپێکرد، لە ساڵی 2016ـدا، ژمارەی بەکارهێنەرانی گەیشتە 300 ملیۆن کەس، بەڵام زیادبوونی پلاتفۆرم و خزمەتگوزارییە هاوشێوەکان بازاڕی سکایپی کزکردو لە ساڵی 2023ـدا مایکرۆسۆفت رایگەیاند، ژمارەی بەکارهێنەری چالاکی رۆژانەی سکایپ گەیشتووەتە 36 ملیۆن بەکارهێنەر.
لە ساڵی 2010، کۆمپانیای ئەپڵ، ئەپڵیکەیشنی فەیس تایمی راگەیاند کە هاوشێوەی سکایپ رێگە بە بەکارهێنەر دەدات پەیوەندیی دەنگی و ڤیدیۆیی ئەنجامبدات، هەرزوو لەناو هەموو بەرهەمەکانی ئەپڵدا کەوتەکار و بووە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کۆمپانیاکە.
پێنج ساڵ دوای فەیس تایم، پلاتفۆرمی وەتسئەپ، پەیوەندی تەلەفونی زیادکرد، دواتر و لە ساڵی 2017، کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی خاوەنی سکایپ، خزمەتگوزاری تیمزی راگەیاند، کە ڤێرژنێکی پێشکەوتووتری سکایپە و رێگە بە ئەنجامدانی کۆنفرانسی ڤیدیۆی دەدات، لەهەمان کاتیشدا گوگڵ، خزمەتگوزاریی پەیوەندیی گوگڵ میتی راگەیاند.
لە ساڵی 2020ـدا رکابەرە گەورەکەی سکایپ و تیمز، پلاتفۆرمی زووم هاتە ناو مەیدانەکە و لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە سەرانسەری جیهاندا، بووە ئەستێرەیەکی گەشاوە، خێزانەکان و خاوەنکارەکان بۆ مانەوە لە پەیوەندیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاریاندەهێنا.
5ـی ئایاری ئەمساڵ، کۆتا رۆژی بەردەستبوونی پلاتفۆرمی سکایپ بوو، چیدیکە بەردەست نابێت و بەکارهێنەرانی دەگوازرێنەوە بۆ پلاتفۆرمی تیمز و لەوێ دەتوانن بەردەوامی بە بەستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهاندا بدەن.
05/05/2025