پەرلەمانی ئێران: هاوینێکی سەخت و کەمئاوی چاوەڕێی ئێرانییەکان دەکات

یەک لەسەر سێى سنوورى وڵاتی ئێران لەسەر دەریا و ئاوە، بەڵام گۆڕانى کەشوهەوا و کەمبوونەوەی دابارین، ئەو وڵاتەی گیرۆدەی کەمئاوییان کردووە.
"هاوینێکی سەخت لە رووی ئاو و کارەباوە چاوەڕێی ئێرانییەکان دەکات، جگه لە رەچاوی شێوازەکانی بەکاربردن لەلایەن هاوڵاتییانەوە هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە"، ئەمە دوایین لێدوانی سومەییە رەفیعی، سەرۆکی کۆمیسیۆنى ژینگەی پەرلەمانی ئێرانە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران، لە 2024ـدا قەبارەی ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوەکان بە رێژەی 37% کەمی کردووە، بە تێکڕای 8 ساڵی رابردووش، بە رێژەی 15% کەمیان کردووە.
بەگوێرەى داتاکانى حکومەتى ئێران، بەراورد بە پێنج ساڵى رابردوو، رێژەى ئاوى یەدەگ لە 44 بەنداو لەو وڵاتە 33% کەمیکردووە، ئاوی 13 بەنداوی سەر سەرچاوەکانی ئاوی دەریاچەی ورمێێش بەڕێژەی 36% کەمیانکردووە، هاوکات 66%ـى گۆماوەکانی ئەو وڵاتەش، بەتەواوى وشکبوون.
ئێران بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە سوود لە ئاوی گلدراوی بەنداوەکانی وەردەگرێت و هەروەها بەنداوەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی لافا و دابینکردنی ئاوی کشتوکاڵی، بەرهەمهێنانی کارەبا، بەکارهێنانی پیشەسازی، کشتوکاڵی و گەشتیاری بەکاردەهێنێت.
وەزارەتی وزەی وڵاتەکەش دەڵێت، زیاتر لە 12 هەزار و 500 مێگاوات وێستگەکانی کارۆئاوی لە ئێران رووبەڕووی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بوونەتەوە.
پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە تەواوی ئەو وڵاتە 19 بەنداو هەبووە، لە دوای ساڵی 1979 تاوەکو ئێستا ژمارەی بەنداوەکانی ئێران گەیشتووەتە، زیاتر لە 200 بەنداو، توانای گلدانەوەی 21 ملیار و13 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.
یەکێک لە گرفتە گەورەکانى رووبەڕووى ئێران بووەوەتەوە، سێ هێندەبوونی پرۆسەى بەهەڵمبوونە بەراورد بە تێکڕای جیهان و دابارینى کەمتر.
لەئێستا حکومەتی ئێران، دەیەوێت لە رێگای پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان و گواستنەوەی ئاو بۆ ناوەڕاستی ئێران گرفتی کەمئاوی لە وڵاتەکەیدا چارەسەر بکات، بەڵام زۆرێک لە شارەزایان دەڵێن، هەوڵەکانى حکومەت چارەسەرى گرفتەکە ناکات و قەیرانەکە خراپتر دەکات.
ساڵی رابردووش حکومەت دوو تریلیۆن تمەنی بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرەستەکانی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو تەرخانکرد، کە 70%ـى بۆ شارەکان و 30%ـى بۆ ناوچە گوندنشینییەکان دابینکرا، بەڵام هێشتا قەیرانەکە بەردەوامە و ساڵا لەدواى ساڵیش زیاد دەکات.
07/05/2025