کەشناسی: سبەى لە ناوچە شاخاوییەکان تاوەباران و هەورە بروسکە دەبێت

سبەی کەش نیمچە هەور دەبێت
سبەی کەش نیمچە هەور دەبێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکان تاوەباران دەستپێدەکات و هەندێکجار هەورەبروسکەى لەگەڵدا دەبێت، کەشناسیی عێراقیش پێشبینی دەکات، لە رۆژانی داهاتوودا جگە لە بارانبارین، تۆز و خۆڵیش دروستببێت.

بەشی پێشبینیی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی کەش نیمچە هەور دەبێت، هاوکات لە ئەنجامى دروستبوونى ناجێگیرییەک لەسەر ناوچەکە، ئەگەرى تاوەباران لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان بەشێوەى نمە بارانی پچڕ پچڕ هەیە و هەندێ کاتیش هەورەبروسکەى لەگەڵ دەبێت.

کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی ناجێگیری کەشەوە، ئەگەرى زیادبوونى خێرایی با هەیە و هەندێ کات بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵى لەگەڵدا دەبێت، جگەلەوەی ئەگەرى بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاکانى دهۆک و سلێمانى زیاتر دەبێت.

هەروەها کەشناسیی عێراق پێشبینی خۆی بۆ کەشی چەند رۆژی داهاتوو بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە؛ بەگشتی ئاسمان هەور دەبێت و بارانێکی کەمیش لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت.