حکومەتی عێراق دوو رۆژ لە بەغداد دەکات بە پشووی فەرمی
ئارام یوسف 11/05/2025

بەهۆی بەڕێوەچوونی لوتکەی عەرەبییەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوو رۆژ پشووی فەرمی لە شاری بەغداد راگەیاند و هەموو جۆرە خۆپیشاندانێکیشى قەدەغەکرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، رۆژانی 15 و 18ـی ئەم مانگە لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگای بەغداد پشووی فەرمی دەبێت.
بەگوێرەى بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پشووەکەی رۆژی 18ـی ئەم مانگە، وەزارەتی پەروەردە ناگرێتەوە.
رۆژی 15ـی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و رۆژی 17ـی مانگیش، کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی ئەنجامدەدرێت.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی راگرت و رایگەیاند، هەر کەسێک لە 11ـی ئەم مانگەوە تاوەکو 20ـی مانگ خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجامبدات، دەستگیر دەکرێت.
ئارام یوسف
11/05/2025