لیژنەیەکى پەرلەمانى بۆ چاودێریى جێبەجێکردنى یاساى لێبووردنى گشتی پێکهێنرا

دیمەنی یەکێک لە گرتووخانەکانی عێراق. فۆتۆ: AFP
دیمەنی یەکێک لە گرتووخانەکانی عێراق. فۆتۆ: AFP

مەحمود مەشهەدانى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەمڕۆ بڕیاریدا بە دروستکردنى لیژنەیەکى پەرلەمانى بۆ چاودێریى جێبەجێکردنى یاساى لێبووردنى گشتی و خۆى سەرپەرشتى لیژنەکە دەکات.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى نووسینگەى راگەیاندنى مەشهەدانى، 11 پەرلەمانتار لە لیژنەکەدا ئەندامن و راپۆرتى خۆیان سەبارەت بە ئاستى جیبەجێکردنى یاساکە پێشکەشى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى نوێنەران دەکەن، کە ئەنجامی بەدەستهێنراو و بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنى یاساکە لەخۆدەگرێت.

21ـى کانوونى دووەمى ئەمساڵ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق هەموارى یاساى لیبووردنى گشتى و هەموارى یاساى باری کەسیی و هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى شۆڕشى هەڵوەشاوە تایبەت بە گەڕانەوەى موڵک و ماڵ  بۆ خاوەنەکانیان پەسەند کرد.