نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی سەلامەتیی پیادەڕەوی و پایسکیلسواری رادەگەیەنێت

نەتەوە یەکگرتووەکان داوادەکات رێڕەوی تایبەت بە پایسکیلسواری و پیادەڕەوی لە رێگاکاندا دروستبکرێت
نەتەوە یەکگرتووەکان داوادەکات رێڕەوی تایبەت بە پایسکیلسواری و پیادەڕەوی لە رێگاکاندا دروستبکرێت

کەناڵ8- سلێمانی

نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵمەتی هەفتەی سەلامەتیی پیادەڕەوی و پایسکیلسواری رادەگەیەنێت کە لە 12 تاوەکوو 18ی ئەم مانگە بەردەوامدەبێت و تێیدا داوادەکات وڵاتان گرنگی بە رێڕەوی پایسکیلسواری و پیادەڕەوی بدەن لە نەخشەسازیی شارەکاندا و سەرنجەکان تەنیا لەسەر ئۆتۆمۆبێل و هۆکارە هاوشێوەکانی گواستنەوە نەبێت.

لە راگەیەنراوێکدا کە بەبۆنەی دەستپێکردنی هەفتەی سەلامەتیی پیادەڕەوی و پایسکیلسواری بڵاویکردووەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ساڵانە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس بە رووداوی هاتوچۆ دەمرن و نزیکەی 50 ملیۆن کەسیش برینداردەبن، کە 90% یان لە وڵاتانی هەژار و مامناوەنددان و کوردستانیش یەکێکە لەو ناوچانە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرووەکان، هەر خولەکێک کەسێک بە رووداوی هاتوچۆ دەمرێت و زیاتر لە چواریەکی قوربانییان ئەوانەن کە سەرنشینی ئۆتۆمۆبێل نین، بەڵکو کەسانی پیادەڕەو و پایسکیلسوارن، بۆیە پێویستە وڵاتان رێوشوێنی توندتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی کەسانی پیادەڕەو و پایسکیلسوار.

لە درێژەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە رۆژانە 3200 کەس بە رووداوی هاتوچۆ دەمرن و رووداوەکانی هاتووچۆ یەکەم هۆکاری مردنی منداڵ و گەنجەکانن (کەسانی تەمەن 5 تاوەکوو 29 ساڵ).

رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش نیگەرانە لەوەی مەترسیی لەسەر پیادەڕەو و پاسیکیلسواران روو لە زیادبوونە، لەکاتێکدا پزیشکان و پسپۆڕان هانی خەڵکی دەدەن بۆ پاراستنی تەندروستییان، پیادەڕەوی و پایسکیلسواری بکەن و کەمتر ئۆتۆمۆبێل بەکاربهێنن.

تەندروستیی جیهانی دەڵێت تەنیا 0.2٪ی رێگاوبانی وڵاتان هێڵی هاتوچۆی پایسکیلیان هەیە و رێگای تەرخانکراو بۆ پیادەڕەویش ئێجگار کەمە لە شارەکاندا.

تێدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەبارەی هەفتەی هاتوچۆی تەندروستەوە دەڵێت "پیادەڕەوی و پایسکیلسواری تەندروستیی مرۆڤ باشدەکەن و ژیان لە شارەکاندا باشتر دەکەن، هەر هەنگاوێک و هەر پایسکیلسوارییەک یارمەتیمان دەدات بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و جەنجاڵیی ترافیک، پیسبوونی هەوا و نەخۆشی"، وەکو ئادهانۆم دەڵێت " بەڵام دەبێت ئێمە رێگای سەلامەتی پیادەڕەوی و پایسکیلسواری مسۆگەربکەین، بۆ ئەوەی خەڵک رووبکەنە ئەم رێگا تەندروستانە و ژینگەدۆستانەیەی هاتوچۆ".

تەندروستیی جیهانی دەڵێت سەرەڕای سوودە زۆرەکانی پیادەڕەوی و پایسکیلسواری، کەمتر لە سێیەکی وڵاتان کارنامەی نیشتیمانییان هەیە بۆ هاندانی خەڵک بەرەو پیادەڕەوی و پایسکیلسواری.

لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی هەژار کەمترین ئۆتۆمۆبێلیان هەیە و تەنیا 1%ی ئۆتۆمۆبێلی جیهان لەو ناوچانەدایە، کەچی مردن بە رووداوەکانی هاتووچۆ تێیاندا زیاترە لە وڵاتانی دەوڵەمەند، ئەوەش بەهۆکەمیی هۆشیاری، خراپیی رێگاوبان و رێکنەخستنی رێگای پیادەڕەوی و پایسکیلسواری!

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پلانی داناوە بۆ وڵاتان تاوەکوو 2030 کە ئەگەر جێبەجێی بکەن، قوربانییانی هاتوچۆ بە رێژەی  50% کەمدەکات!