وێستگەى کارەبا و کارگەى چیمەنتۆى "دابین" لە هەولێر کرایەوە
ئارام قەرەداغی 12/05/2025

لە هەولێر لە رێورەسمێکدا کارگەى چیمەنتۆ و وێستگەى کارەباى "دابین" کرایەوە، کە تواناى هەیە رۆژانەی هەشت هەزار تۆن چیمەنتۆ و 52 مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت.
مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، لەدروستکردنى کارگە و وێستگەى کارەباى "دابین" گرنگییەکى زۆر بە پاکڕاگرتنى ژینگە دراوە و بابەتى ژینگەپارێزى رەچاوکراوە.
گوتیشى، "بەرهەمی ساڵانە کارگەى چیمەنتۆى (دابین) زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن چیمەنتۆ دەبێت و کاریگەریى گەورەى لەسەر دابینکردنى چیمەنتۆ بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق دەبێت و بەهۆى پرۆژەکەوە زیاتر لە هەزار و 200 هەلى کار بۆ گەنجان رەخساوە."
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان گوتیشى، "ئەوەى کراوە دەستپێک و هەنگاوى سەرەتاییە و دەرفەتى زیاتر هەیە لە هەموو ناوچەکان گرنگى زیاتر بە ژێرخانى ئابوورى بدرێت".
ئارام قەرەداغی
12/05/2025