لە هەولێر بڕیارى نوێ لەبارەى کارکردنى مۆلیدە ئەهلییەکان درا

بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەوا و دەستپێکردنی وەرزی تاقیکردنەوەکان لە هەولێر، بڕیاردراوە لەو گەڕەکانەی کە هێشتا پرۆژەى رووناکییان پێنەگەیشتووە، مۆلیدە ئەهلییەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دابینبکەن، بەڵام لە سلێمانی هێشتا هیچ بڕیارێکی لەوجۆرە نەدراوە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بڕیارەکە لەسەر داوا و خواستى هاونیشتمانییان بووە.
لە هەولێر و سلێمانى مۆلیدە ئەهلییەکان لە کاتى نەبوونى کارەباى نیشتمانیدا رۆژانە لەنێوان 10 بۆ 12 کاتژمێر کارەبایان دابیندەکرد، بەجۆرێک لە هەشتى بەیانى تاوەکو 12ـى نیوەڕۆ و لە شەویشدا لە پاش یەکى شەوەوە تاوەکو شەشى بەیانى مۆلیدەیان هەڵنەدەکرد، بەڵام هێشتا لە سلێمانى بەهەمان سیستم کار دەکرێت.
سیروان محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ گۆڕانکاریی لە کاری خشتەی مۆلیدە ئەهلییەکان و ئەگەر بڕیارێکی لەوجۆرە بدرێت لە پاش 15ـى مانگەوە دەبێت. گوتیشى "بەڵام هەوڵدەدەن بەشی پێویست کارەبای نیشتمانی دابینبکەن". ئەوە لە کاتێکدایە لە پارێزگای دهۆک چەند مانگێکە کارەباى 24 کاتژمێریى دابیندەکرێت بۆ ئەو گەڕەکانەی لە دەرەوەی پرۆژەی رووناکین و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیشدا مۆلیدە ئەهلییەکان دەبێت کارەبا بدەنە هاونیشتمانییان.
12/05/2025