بازرگانیی جیهانی: قەرزە جیهانییەکان 324 تریلیۆن دۆلاریان تێپەڕاند

لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 7.5 تریلیۆن دۆلار قەرزکراوە
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 7.5 تریلیۆن دۆلار قەرزکراوە

گرووپی بانکی بازرگانیی جیهانی راپۆرتی چارەکی یەکەمی 2025ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، قەرزی سەر وڵاتان 324 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 7.5 تریلیۆن دۆلار قەرزکراوە.

بانکى بازرگانى ئاماژەى بەوەکردووە، تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، حەوت تریلیۆن و 500 ملیار دۆلار قەرزى گشتی زیادیکردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی، کە  زیاتر لە 324 تریلیۆن دۆلارە، بەراورد بە ساڵى 2022 چوار هێندە زیادیکردووە، چونکە تێکڕای زیادبوونی قەرزەکان لە هەر چارەکێکدا 1.7 تریلیۆن دۆلاربووە.

بەگوێرەی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی دارایی، وڵاتانی چین، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەشداربوون لە زیادبوونی قەرزەکاندا، بەجۆرێک تەنیا چین زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری لەو زیادبوونە بەرکەوتووە، لەکاتێکدا قەرزکردن لەلایەن وڵاتانی تورکیا، کەنەدا و ئیمارات کەمیکردووە.

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا یەکەم وڵاتی ئابووری جیهانە، بەڵام بە بڕی زیاتر لە 36 تریلیۆن دۆلار قەرزدارە و  بەدوایدا چین بە بڕی زیاتر لە 18 تریلیۆن و ژاپۆنیش نزیکەى نۆ تریلیۆن دۆلار قەرزدارە.