کرێملن: فشارکردن بۆ رازیبوون بە ئاگربەست قبوڵناکەین

دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی کرێملن
دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی کرێملن

کۆشکى کرێملن رایگەیاند، فشارکردن بۆ رازیبوون بە ئاگربەست قبوڵکراونییە، ئۆکرانیاش دەڵێت، مۆسکۆ پێشنیازی ئاگربەست پشتگۆێ دەخات و بەردەوامە لە درێژەپێدان بە جەنگەکە.

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، زمانی فشار لە لای رووسیا قبوڵ ناکرێت و نابێت بە زمانێکی لەو شێوەیە گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت.

کرێملن، لە وەڵامی فشارەکانی ئەوروپادا بۆ قبوڵکردنی ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا دەڵێت، دەیانەوێت گفتوگۆی جددی لەگەڵ ئۆکرانیا بکەن، بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دوورمەودا.

سەبارەت بە بانگێشتنامەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، پیسکۆڤ ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات.

لە لایەکی دیکەوە ئەندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە تۆڕی 'ئێکس' رایگەیاند، رووسیا بەتەواویی پێشنیازی ئاگربەستی بێ مەرجی 30 رۆژە، پشتگوێ دەخات، کە لەلایەن ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانیەوە پێشنیازکرابوو و بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ سەر خاکەکەیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە رووسیا و ئۆکرانیا کرد، پەلەبکەن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان لە تورکیا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، دوای ئەوەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بانگێشتی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیای کرد، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی رووبەڕوولە ئیستانبوڵ.

هاوکات ئيمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رايگەياند، ئەگەر پوتن جددی نەبێت لە پرۆسەی ئاشتيدا، دەبێت سزای زياتری بەسەردا بسەپێنين.

ماکرۆن گوتيشی، "ئەمریکا پێشنیازێکی خستووەتەڕوو بۆ وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ و ئەوروپییەکان پشتگیرییان لێکردووە، پێشنيازەکە لەبارەی بەرقەراربوونی ئاشتی هەميشەييە لە ئۆکرانيا.