ترەمپ: لابردنی سزاکانی سەر سووریا گەنگەشە دەکەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژێک بەرلە سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا ژمارەیەک هەنگاوی کابینەکەی لە سەردانەکەى بۆ ناوچەکە راگەیاند و گوتى، بیر لە هەڵگرتنى سزاکانى سەر سووریا دەکەنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی سزاکانی سەر سووریا رایگەیاند، پێدەچێت پلانیان هەبێت بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بۆئەوەی دەرفەتیان پێبدرێت سەرەتایەکی نوێ دەستپێبکەن.
ترەمپ ئاشکراشیکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هانیداوە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا.
لەبارەی دیارییە 400 ملیۆن دۆلارییەکەی قەتەڕ بۆ ترەمپ بەبۆنەی سەردانی وڵاتەکەیان کە فڕۆکەیەکی جۆری بۆوینگی ئەمریکییە و بووە جێگای رەخنەی دیموکراتەکان و رەخنەگرانی سیاسی وڵاتەکەی، ترەمپ رایگەیاند، جوان نییە دیاری رەتبکاتەوە، ئەوە نیشانەی رێز و وەفاداریی قەتەڕە بۆ ئەمریکا، بەڵام ئەو فڕۆکەیە بەکارناهێنێت و لە مۆزەخانەى سەرۆکایەتییەکەی داهاتووی دایدەنێت.
12/05/2025