هونەرمەندان داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکەن توانای ژیریی دەستکرد سنووردار بکات

ژمارەیەک لە دیارترین هونەرمەندانی بەریتانیا و جیهان، پەیامێکی کراوە و ئاشکرا، ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەکەن و دەیانەوێت حکومەتی ئەم وڵاتە، یاسای پاراستنی مافی داهێنەرانە و سنووردارکردنی ژیریی دەستکرد هەمواربکاتەوە.

زیاتر لە 400 هونەرمەندی بەریتانیا، هاوشانی چەندین هونەرمەندی دیکەی جیهان، لەوانە: دوا لیپا، ئێڵتن جۆن و کازو ئیشیگورو، داواکارن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دەستپێشخەریی بکات لە سنووردارکردنی تواناکانی ژیریی دەستکرد لە بەکارهێنانەوەی بەرهەم و هونەری هونەرمەندان، بەدیاریکراوییش، گۆرانیی و ئەلبوومەکان.

چاودێران دەڵێن؛ هونەرمەندان تاکە پەناگەیان یاسا و حکومەتە، دەزانن دروستکردنی فشار لەڕێگەی یاساوە دەکرێت، خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەتەنها، هیچ سوودێکی نییە لە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ئەو پێشێلکارییانەی لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە ئەنجامدەدرێن.

حکومەتی بەریتانیا لای خۆیەوە، بەدواداچوونی زیاتری راگەیاند بۆ ئەم پرسە و دەیانەوێت مافی هونەرمەندەکان لە هەموو دۆخەکاندا بپارێزرێت.

لەماوەی رابردوودا، ژمارەیەک لە دیارترین هونەرمەندان، ئەلبوومێکی گۆرانییان بە ناونیشانی "ئەلبوومی بێدەنگ" بڵاوکردەوە، کە لە تۆمارەکاندا جگە لە بێدەنگیی هیچی دیکەی تیا نییە و وەکو ناڕەزایەتییەک بوو بەرامبەر بە ژیریی دەستکرد.