بەنزیکەی 200 دەق و بەڵگەنامەی جۆرج ئۆروێڵ ئەرشیف دەکرێن

بەنزیکەی 200 دەق و بەڵگەنامەی تایبەت بە رۆماننووسی دیاری بەریتانیا، جۆرج ئۆروێڵ، لە لەناوچوون رزگارکراون و لە تۆماری نیشتمانیی وڵاتەکەدا هەڵگیران.

هەوادارانی جۆرج ئۆروێڵ و چاودێرە ئەدەبییەکانی بەریتانیا، نیگەرانی هەوڵی فرۆشتن و یەکلاکردنەوەی 160 دەقی نووسراوی مێژوویی ئەم رۆماننووسە بەناوبانگە بوون، کە هەوڵدەدرا، بە کۆکەرەوە تایبەتەکان بفرۆشرێن و ترسی لەناوچوونیان لەسەر بوو.

ئێستا ئەم دەق و بەڵگەنامانە، لەڕێگەی حکومەتی بەریتانیاوە هەڵگیراونەتەوە و وەکو تۆماری نیشتمانیی لێیان دەڕووانرێت، ئەم دەستپێشخەرییەش، دڵخۆشییەکی زۆری لەلای رەخنەگران لێکەوتووەتەوە.

بڕیارە تێکڕای ئەم بەڵگەنامە مێژووییانەی ئۆروێڵ، لە زانکۆی کۆلێجی لەندەن هەڵبگیرێن و لە ئەرشیفی تایبەتی زانکۆکەدا دادەنرێن.

لە ئاستی ناوەڕۆکدا، ئەم دەقە نووسراوانەی ئۆروێڵ، پەیام، گرێبەست، راپۆرت و سەرنجی خوێنەرانی جۆرج ئۆروێڵ لەخۆدەگرن لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی ئەم نووسەرەدا.

لای خۆیانەوە، سەرپەرشتیارانی بەشی ئەرشیفی زانکۆکە، جەختیان لەوە کردووەتەوە، هەڵگرتن و پاراستنی ئەم دەقانە تێچوویەکی زۆریان پێویستە، لەڕێگەی هەوڵی تاکەکەسیی و پاڵپشتیی دارایی لایەنە تایبەتەکانەوە، بڕی 154 هەزار پاوەندی بەریتانیی بۆ هەڵگرتنیان تاوەکو ئێستا کۆکراوەتەوە.