وەزارەتی دارایی: پارەی مووچەی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری وەزارەت

ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە
ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وەک شایستەی دارایی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کلوردستان لە لقی هەولێری بانکی فیدراڵ.

ئەمە لە کاتێکدایە 45 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئازاردا تێدەپەڕێت، لە 27ـی ئازاری مانگی رابردووەوە.

لە رۆژی 22ـی نیسانەوە لیستی موچە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و بڕی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رادەستی حکومەتی فیدراڵی کراوە.

 ئەو بڕە پارەیەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی نیسان خەرجیکردووە بڕی چوار ملیار و 633 ملیۆن دیناری زیاترە بەراورد بەو بڕەی لە مانگی رابردوو خەرجیکرد، چونکە بۆ مانگی ئازار بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دیناری خەرجکردبوو.