خولی چوارەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستردام کۆتاییهات

بۆ چوارەمین جار، ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا، بوو بە پێگەی میوانداریکردنی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی و هاوتای چەندین نمایش و چالاکیی جیاوازی هونەری و نەریتیی، خەڵات بەسەر باشترینەکاندا دابەشکرا.

بۆ ساڵی 2025، چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستردام، ناسراو بە AKFF، لە پایتەختی وڵاتی هۆڵەندا بەرێوەچوو، تیایدا لەماوەی سێ رۆژی بەڕێوەچوونی چالاکییەکاندا، بە بەشداریی کوردانی تاراوگە و میوانەکان، چەندین چالاکیی جیاوازی هونەریی و نەریتیی، بە پێشکەشکردنی گۆرانی و موزیک و هەڵپەڕکێی کوردی، ئەنجامدران.

وێڕای نمایشکردنی چەندین فیلمی کورت و درێژ، پانێڵێک بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە سینەمای کوردی و بەرەوپێشچوونەکان رێکخرا، پاشان خەڵاتەکان بەسەر دیارترینەکانی بۆنەکە لەچوارچێوەی چوار پۆلی جیاوازدا دابەشکران، لەوانە: باشترین کورتەفیلمی خەیاڵی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت، باشترین فیلمی درێژی خەیاڵی و باشترین بەڵگەفیلمی درێژ، هاوکات ستایشی چەند ئەستێرەیەکی دیاری سینەما و بەڵگەفیلم کرا لە سایەی: داهێنەریی، بوێریی و دەوڵەمەندیی لە کولتووری کوردییدا.