جەبار یاوەر: پەکەکە بڕیارى چەک دانانی داوە نەک رادەستکردنى

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، پەکەکە لە کۆنگرەکەیدا بڕیارى چەکدانانى داوە نەک چەک رادەستکردن و بۆ رادەستکردنى چەکەکانیشی چاوەڕێى هەڵوێستى تورکیا و هەنگاوى داهاتووى ئەو وڵاتە دەکات.

جەبار یاوەر، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەگوێرەى هەندێک زانیاریى نافەرمى، پەکەکە ئامادەیە چەکەکانى رادەستى هێزەکانى پێشمەرگە بکات و داواشدەکات پرۆسەى رادەستکردنى چەکەکانی بە چاودێریى ئەمریکا بێت.

جەبار یاوەر، ئاماژەى بەوەشکرد، ئەرکى پاراستنى سنوورەکان لە ئەستۆى پاسەوانى سنوورى عێراقە و لە پاش چەکدانانى پەکەکە، ئەرکى کۆنترۆڵکردنى قەندیلیش هەر لە ئەستۆى ئەوان دەبێت.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، راشیگەیاند، وەزارەتى ناوخۆى عێراق پلانى بۆ کۆنترۆڵکردنى سنوورەکان داناوە و ئامانجییەتی سەرجەم سنوورەکانى کۆنترۆڵ بکات.

لە ئێستادا لایەنی پەیوەندیدار لە عێراق، چاوەڕێى کشانەوەى پەکەکەیە بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەو ناوچە سنوورییانەى هێزەکانى ئەوانى لێیە و هێزەکانى پێشمەرگەش لەم بابەتەدا پشتیوانیى هێزەکانى پاسەوانى سنوور دەکەن.

جەختى لەوەشکردەوە، لە پاش چەکدانانى پەکەکە، پێویستە سوپاى تورکیا لەناو خاکى هەرێمى کوردستان بکشێتەوە.

رۆژى دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پەکەکە بڵاوکرایەوە، کە لە رۆژانی پێنج و حەوتی ئایاردا بەڕێوەچووبوو.

پەکەکە لە ئەنجامی کۆنگرەکەیدا بە فەرمیى هەڵوەشاندنەوەى پێکهاتەی رێکخراوەیى و کۆتاییهێنانى بە خەباتى چەکداریى راگەیاند.

پاش بڕیارەکەی پەکەکە، لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا و هەرێمی کوردستان و ئەوروپییەکانیشەوە، پێشوازیی لەو هەنگاوە کرا و بە خاڵێکی ئەرێنی بەئاڕاستەی پرۆسەی چارەسەری لێکدرایەوە.