ئێران پێشوازی لە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دەکات
سامیا حەسەن 13/05/2025

ئێران پێشوازی لە بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و چەکدانانی پەکەکە دەکات و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەی دادەنێت.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەەی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی ئایار بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، بڕیارەکەی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی وازهێنان لە توندوتیژی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
بەقائی هیواشی خواستووە، ئەم هەنگاوەی پەکەکە ببێتە هۆی چەسپاندن و بەرقەراکردنی ئارامی و ئاسایش لە تورکیا و ناوچەکەدا.
رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەی 12ی بڵاوکردەوە، کە تیایدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە، چەکدانان و کۆتاییهێنان بە هەموو چالاکییەک بە ناوی پەکەکەوە راگەیاند.
سامیا حەسەن
13/05/2025