گێرارد دێپاردیۆ دەخرێتە زیندانەوە

ئەکتەری ناسراو و دیاری فەڕەنسا و سینەمای ئەوروپا، گێرارد دێپاردیۆ، بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی، لەلایەن دادگای باڵای پاریسەوە بڕیاری زیندانیکردنی درا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دادگا و بەڵگە و زانیاریی شایەتحاڵەکان، دێپاردیۆ، ساڵی 2021، لە میانی تۆمارکردنی فیلمی The Green Shutters، دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەر یەکێک لەو کەسانەی کاری لە ئامادەکردنی جلوبەرگی فیلمەکە کردووە کە تەمەنی 54 ساڵە، هاوکات، یاریدەدەری دەرهێنەریش، کە تەمەنی 34 ساڵە، بە هەمان شێوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر.

گەرچی دێپاردیۆ کۆی تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە، بەڵام بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانی دادگا، دێپاردیۆ تۆمەتبارە بە دەستدرێژیی سێکسیی و بەشێوەیەکی زۆرەملێ دەستی لە هاوکارەکانی داوە.

بڕیارە بۆ ماوەی 18 مانگ، دێپاردیۆ زیندانیی بکرێت و ماوەی سێ ساڵ لە چەندین بواری جیاواز چالاکییەکانی لێ قەدەغە دەکرێت، هاوکات بە بڕی 10 هەزار یۆرۆ قەرەبووی قوربانییەکان دەکاتەوە، پاشان پێویست دەکات بە چەندین چارەسەری دەروونیی و چاکسازیی کۆمەڵایەتییدا تێپەڕێت، بۆی نییە بۆ ماوەی دوو ساڵ هیچ پۆستێکی هونەرییش وەربگرێتەوە.