پاسپۆرتى سلێمانى: بۆ دەرکردنى پاسپۆرت تەنیا کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، بۆ دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرتی هاونیشتمانییانی تاراوگە، تەنیا کار بە کارتی نیشتمانی دەکەن، کە تەواوبوونى 20 بۆ 30 رۆژى پێدەچێت، دەشڵێت: ئەو کەسانەى پاسپۆرتەکانیان ونبووە پێویستە بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی لە ئاگادارکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرت بەهیچ جۆرێک کار بە سورەت قەیدى ئەلیکترۆنى ناکرێت".
دەشڵێت: بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تەنیا بەکارتى نیشتمانى مامەڵەى هاونیشتمانییان رایى دەکەین.
پاسپۆرتى سلێمانى داوا لە هاونیشتمانییانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات دەکات لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان مۆڵەتی 30 رۆژ وەربگرن لەبەرئەوەی تەواوبوونی کارتی نیشتمانی 20 بۆ 30 رۆژی پێدەچێت.
بەگوێرەى بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتى سلێمانى، ئەو هاونیشتمانیانەى لە دەرەوەى وڵات نیشتەجێن و زیاد لە جارێک پاسپۆرتەکانیان ونکردووە یاخود تێکچووە و دەیانەوێت ببنەوە بە خاوەنی پاسپۆرت پێویستە بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان و مامەڵەی ونبوونی پاسپۆرتەکانیان بکەن.
پاسپۆرتى سلێمانى، ئاماژەى بەوەشکردووە، لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانى عێراق لە دەرەوەی وڵات، ئەو جۆرە مامەڵەیە ئەنجامنادرێت و مامەڵەکەش ماوەکەی دوو بۆ سێ مانگى پێدەچێت.
13/05/2025