سعودیە بە فەرشێکی مۆر پێشوازی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد

ساتی گەیشتنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سعودیە فۆتۆ: AFP
ساتی گەیشتنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سعودیە فۆتۆ: AFP

سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم سەردانی پاش گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، گەیشتە ریازی پایتەختی عەرەبستانی سعودیە، یەکەم هەنگاوەکانیشی پاش هاتنە دەرەوەی لە فڕۆکەکەی، بۆسەر فەرشێکی مۆر بوو، نەک سوور.

هەمووان لەسەرئەوە کۆکن، گەشتەکەی ترەمپ سەردانێکی گرنگی ستراتیجیی جیهانی بوو، بەڵام بەشێکی زۆری جیهان سەرنجیان لەسەر شێوازی پێشوازیکردن بوو لە ترەمپ، پرسیاری ئەوەش کرا کە بۆچی رەنگی مۆر بۆ پێشوازی لە سەرۆکی ئەمریکا بەکارهات؟.

چەندین ساڵە و تاوەکو ئێستا لە چەندین وڵات فەرشی سوور بۆ پێشوازی، بەمانای شاهانەیی و هێز هاتووە، بەڵام لە ساڵی 2021ەوە سعودیە رێچکەکەی شکاند و بە فەرمی رایگەیاند، ئەوان بە فەرشی مۆر پێشوازی لە میوانانی گرنگی وڵاتەکەیان دەکەن.

راسخستنی فەرشی مۆر لە سعودیە بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکی ئەمریکا فۆتۆ: AFP

بۆچی سعودیە رەنگی مۆر بەکاردەهێنێت؟

لە کۆنەوە سوور و مۆر بەمانای شاهانەیی هاتوون، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە ئەو رەنگانەی بۆ دروستکردنی ئەو دوو رەنگە دیاریکراون، بەکارهاتوون، نرخیان گرانترین بووە، هەربۆیە لەکاتی پێشوازی لەکەسانی گرنگ، ئەو دوو رەنگە بەکارهاتوون.

مێژووی رەنگی مۆریش سەرەتا دەگەڕێتەوە بۆ توێکڵی کرمێکی دەریایی کە لە کەناراوەکانی لوبنان بۆ یەکەمجار دۆزراوەتەوە.

لە سعودیە رەنگی مۆر مانای دیکەشی هەیە و پەیوەستە بە کولتوری وڵاتەکە، وەزارەتی کولتوری سعودیە ئەم گۆڕانکارییەی بەستووەتەوە بەو گوڵە رەنگ ئەرخەوانییەی لەسەر خاکی وڵاتەکەی دەم دەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی سعودیە دەڵێت: "فەرشە مۆرەکە هاوشێوەی رەنگی بیابان و گردەکانی شانشینە لە وەرزی بەهاردا".

سعودیە ئێستا کار لەسەر بوژانەوەی کەرتی گەشتوگوزاریش دەکات، بۆیە گرنگە بۆ ئەوان بانگەشە بۆ هەرێمی عەسیر بکەن، ئەو هەرێمەی کەشێکی شاخاویی هەیە و وەرزەکانی تێدا دەردەکەوێت و لە هەندێک کاتدا بەرگێکی مۆر لەرێگەی گەڵای رەیحانەوە بە بەری خۆیدا دەکات.

رۆیشتنی سەرۆکی ئەمریکا بەسەر فەرشی مۆر لە سعودیە فۆتۆ: AFP

"فەرشە مۆرەکەی سعودیە تەنیا بە رەنگەکەی جیاناکرێتەوە"

فەرشە مۆرەکەی سعودیە کە رەنگەکەی دەشچێتەوە سەر رەنگی گوڵی ئەرخەوان، لەلاکانییەوە دیزاینێکی ئەندازەیی جیاوازی هەیە کە دەرخەری هونەری دروومانێکە بەناوی (سەدوو) کە بەشێکە لە کلتووری وڵاتەکە، هەر خۆی ئەم دیزاینە بە بەشێک لە لیستی کەلەپووریی نەتەوەیەکگرتووەکان دانراوە.

دیزاینی سەدوو، بەشی زۆری کاتەکان لە خوریی بەرخ و بزن و قژی حوشتر دروستدەکرێت، رەنگیشیان سوور، قاوەیی و رەشە.

بۆچی فەرشی سوور بۆ وڵاتان گرنگە؟

لە سەرەتای سەدەی 19، فەرشی سوور بۆ بەخێرهێنانی کەسانی گرنگ لە ئەمریکا و ئەوروپا بەکاردەهات.

لەساڵی 1821 کاتێک جەیمس مۆنرو، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا سەردانی کارۆلاینای باشووری کرد، لە شاری جۆرج تاون فەرشی سووریان بۆ داخست، هەر لە هەمان ماوە لە نیویۆرکیش بۆ کەسە گرنگەکان هەمان کار ئەنجامدرا.

لە پاش ساڵانی بیستەکانیشەوە، فەرشی سوور لە هۆڵیودیش راخرا، شانۆی میسرییەکان لە یەکەم نیشاندانی فیلمی رۆبن هوود، فەرشی سووری راخست و بەدواشیدا ئەکادیمیا هونەرییەکان هەمان کاریان کرد یەک لەدوای یەک دووبارەکردەوە.