وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە

گواستنەوەی پارە بۆ دابەشکردنی مووچە
گواستنەوەی پارە بۆ دابەشکردنی مووچە

وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى نیسانى مووچەخۆرانى بڵاوکردەوە، لە سبەى چوارشەممەوە دابەشکردنى مووچە دەستپێدەکات و یەکشەممە کۆتایى دێت.

بڵاوکردنەوەى لیستى مووچە پاش ئەوە هات بەغداد بڕى 959  ملیارو 514 ملیۆن دینارى خستە سەر هەژمارى دارایى لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیى عێراق.

بەگوێرەى لیستى مووچەکە، سبەى چوارشەممە 14ـى ئایار، هەریەک لە خانەنشینى شارستانى، خاوەن پێداویستى تایبەت، زیندانییە سیاسییەکان، بەرکەوتووانى کیمیاباران، کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان مووچە وەردەگرن.

رۆژى پێنجشەممە 15ـى ئایار، کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەزارەتى پەروەردە، خانەنشینى پێشمەرگە، وەزارەتى دارایى و ئابووری، دەستەکانى، دەستپاکى، وەبەرهێنان و ژینگە، دەزگاى مین مووچە وەردەگرن.

هەمانڕۆژ ناوچە دابڕێندراوەکان، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان، دیوانى چاودێریى دارایى، مافى مرۆڤ، وەزارەتەکانى ئاوەدانکردنەوە، تەندروستى، ناوخۆ، داد، ئەنجوومەنى دادوەرى مووچە وەردەگرن.

هەر لە پێنجشەممەدا وەزارەتەکانى پلاندانان، بازرگانى و پیشەسازى، سامان سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ، شارەوانى و گەشتوگوزار مووچە وەردەگرن.

رۆژى یەکشەممە 18ـى ئایار، مووچەى وەزارەتەکانى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، رۆشنبیرى، کارەبا، ئەوقاف، خوێندنى باڵا، سەرۆکایەتییەکانى پەرلەمان، ئەنجوومەنى وەزیران، هەرێمى کوردستان دابەشدەکرێت.

هەمانڕۆژ، مووچەى پێشمەرگە، دیوان و لیواکان، یەکەى حەفتا و هەشتا، پۆلیسى دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجوومەنى ئاسایش و دەزگاى ئاسایش، هێزى زێرەڤانى و فەرماندەیى بەرگریى و فریاکەوتن دابەشدەکرێت.