فەرمانی لەسێدارەدان بۆ بکوژی کوڕەکەی وەستا حەسەنی کەبابچی دەرچوو

دادگای تاوانەکانی سلێمانی، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ بکوژی کوڕەکەی وەستا حەسەنی کەبابچی دەرکرد، کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە رووداوێکی تەقەکردندا کوژرا.

گەیلان، کوڕی وەستا حەسەن و برای کوژراوەکە بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەمڕۆ 13ـی ئایاری 2025، دادگای تاوانەکانی سلێمانی فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ بکوژی براکەی دەرکردووە لەپاش ئەوەی ساڵیک و نۆ مانگی لە زینداندا بەڕێکردووە.

رووداوەکە بەجۆرێک بوو، "لە پاش گیانلەدەستدانی وەستا حەسەنی کەبابچی لە مانگی ئابی 2023، دوو کوڕی وەستا حەسەنی کەبابچی، لە 28ـی ئەیلولی 2023ـدا لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی دەستڕێژی گوللـەیان کرایەسەر و بەهۆیەوە رۆژ حەسەن گیانیلەدەستدا و برایەکی دیکەشی بریندارکرا.

لەماوەی پێشوودا شادمان ئەبوبەکر، دایکی کوژراوەکە کە هاوکات هاوسەری وەستا حەسەنی کەبابچییە، رایگەیاند، ئەوان هەڕەشەیان لەسەرە و رێگە نادرێت لە دادگا بڕیاری کۆتایی بۆ تاوانبار دەربچێت، چونکە باوکی پلەداری سەربازییە.

دایکی کوژراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کەسوکاری کوژراو هەڕەشەیان کردووە لەوەی دەبێت بە سوڵحی عەشایەری دۆسییەکە چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیەکە بە یاسایی.