بۆ دووەمجار کۆمیسیۆن وادەی تۆمارکردنی پارت وهاوپەیمانێتییەکانی درێژکردەوە

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان، پارت و بەربژێرانی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران.

بەگوێرەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان تاوەکو 20ـی ئایار، درێژدەکرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر لە 4ـی ئایاری 2025، کۆمیسیۆن بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان، تاوەکو 14ـی ئایار.

پێشتر، هەیمان تەحسین بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمیانی بەشداری لە بوڵتەنی هەواڵەکانى کەناڵ8 رایگەیاندبوو، 341 پارتى سیاسیى تۆمارکراو لە کۆمیسیۆن هەن و نزیکەى 86 پارتیان داواکاریی فەرمییان بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنەکان پێشکەشکردووە.

بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش، ئامادەکارییەکانی بۆ ئەو مەبەستە دەستپێکردووە.