وەبەرهێنانى سلێمانى: رەزامەندیى دروستکردنى 52 پرۆژەى نیشتەجێبوون دراوە

بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى سلێمانى بە وەکالەت رایگەیاند، زیاتر لە 25 پرۆژەى نیشتەجێبوون ئێستا لە بازاڕدان و رەزامەندى بە دروستکردنى 52 پرۆژەى نوێى نیشتەجێبوون دراوە، دەشڵێت، لەو 52 پرۆژەیە 15 پرۆژەیان زەوییان بۆ دابینکراوە.

ئامانج جەلال، بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى سلێمانى بە وەکالەت رایگەیاند، لە سلێمانى 52 پرۆژەى نیشتەجێبوون رەزامەندى هەیە و 15 پرۆژەیان زەوییان بۆ دابینکراوە.

گوتیشى، لە مانگى ئابى ساڵى 2023وە پێدانی مۆڵەت بە پرۆژەکانى نیشتەجێبوون راگیراوە، بەڵام بەر لەو وادەیە، زیاتر لە 100 داواکارییان بۆ دروستکردنى پرۆژە بۆ بەرزکراوەتەوە و پاش وەرگرتنى رەزامەندیی ئەنجوومەنى باڵاى وەبەرهێنان و دابینکردنى زەوى، لەساڵانى داهاتوو جێبەجێدەکرێن.

بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى سلێمانى گوتیشى، ئێستا هیچ داواکارییەکى تازە بۆ پرۆژەى نیشتەجێبوون وەرناگیرێت و زیاتر لە 25 پرۆژەى نیشتەجێبوون، لە قۆناغى جێبەجێکردندان، ئەگەر سەرجەمیان بەکۆتابێن، نزیکەى حەفتا هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت، بەڵام لەسەر ئەرزى واقیع کەمتر لە 10هەزار یەکە لە بازاڕدایە، چونکە وەبەرهێنەرەکان ئێستا باڵەخانەیەک یاخود چەند یەکەیەک دروستدەکەن، دەیخەنە بازاڕ و دەیفرۆشن، دواتر باڵەخانەى دیکە و ژمارەیەک یەکەى دیکە دەخەنە بازاڕەوە.